Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا دەکات

2026-11-17T11:17:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئەمڕۆ سێشەممە 2026/11/17 لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتگیرییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی نیشان دا.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە گەلی کوردستان هەرگیز هەڵوێست و دۆستایەتیی دڵسۆزانەی فەرەنسا لەبیر ناکات، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا. لەمبارەیەوە ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

لای خۆیەوە، بەڕێز باڵیۆزی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەربڕی، هەروەها دووپاتی کردەوە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بایەخێکی گرنگی هەیە.

دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، کە بەڕێز ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو.