ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/2/24 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی، کە لە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، لە ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی کە نووسینگەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵیادی کۆچی دواییی (سەید عەبدولعەزیز ئەلحەکیم) ڕێکیخستبوو، بەشدار بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداریی هەرێمی کوردستان و میوانی ناوخۆ و نوێنەرانی وڵاتان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان ڕۆڵی خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز ئەلحەکیم ـی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و سازانی نیشتمانیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق، بە گرنگ لە قەڵەم دا.
سەید مەهدی عەممار ئەلحەکیم، کە وتەی بنەماڵەی ئەلحەکیم و ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی پێشکەش کرد، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بە ئامادەبوونی هەمووان لە ڕێوڕەسمەکەیاندا، ئاماژەی بە دۆستایەتیی مێژوویییان لەگەڵ گەل و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دا و جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان، کردەوە.