Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی (ڕۆژی یەکگرتنەوە)ی ئەڵمانیادا بەشدار بوو

2025-10-08T20:05:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/10/8 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێک کە لە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسان لە سەرۆکایەتی پێکهاتبوو، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی (ڕۆژی یەکگرتنەوە)ی ئەڵمانیادا بەشدار بوون، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیاوە لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، چەندین دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بەناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ـەوە، پیرۆزباییی یادەکەی لە بەڕێزان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و هەروەها کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و هەموو پشتیوانییەکی بۆ سەرخستنی کار و ئەرکەکانیان، دووپات کردەوە.

لای خۆیانەوە هەریەک لە بەڕێزان دانيێل كرێبه‌ر باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و ئالبرێشت فۆن ڤيتكه،‌ كونسوڵى گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بە بەشداریی هەمووان لە ڕێوڕەسمەکەیاندا، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتی و هاریکاریی هاوبەشی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.