
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/10/2 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی دانوستاندنی نێوان لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ کران و جەخت لە پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە بە لێکگەیشتنی هاوبەش، کرایەوە. سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، پێشوازی و پشتیوانی لە هەنگاوەکە کرا و بە گرنگ و کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا، دانرا.
دۆخی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا پەرەسەندنە سیاسییەکان لە عێراق هەڵسەنگێنران و زەمینە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، تاوتوێ کران.
هەر لە دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و پێویستیی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هەردوولا لە تێکڕای کار و کایە هاوبەشەکاندا، کرایەوە.

