ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/11/6 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، پەرەسەندنە هەنووکەییەکان بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق خرایە بەر باس، تیایدا ئامادەکاری و زەمینەسازییەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە تاوتوێ کران و هەردوولا هیوای سەرکەوتنیان بۆ پرۆسەکە لە کەشێکی ئازاد و ئارامدا خواست. هەر لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، بە پێزانینەوە باسی لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی بانگەشەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی کرد کە بەرپرسیارانە بانگەشەکانیان بەڕێوە دەبەن.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا و دۆخی گشتیی ناوچەکە و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی، هەڵسەنگێنرا.