Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی تورکیا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

2025-07-21T12:15:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/7/21 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە گفتوگۆکانی دیدارێکدا، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە و سەبارەت بە پەرەپێدان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لەڕووی ئاڵوگۆڕی ئابووری و جووڵەی بازرگانی و چالاکی کۆمپانیاکان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

ڕەوشی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێشهاتەکانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤانی بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لە سەرخستنی ڕێگەچارەی ئاشتی و نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکە لەیەکتری، خستەڕوو. لای خۆیەوە بەڕێز تۆپچو، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکان، ڕۆڵی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لەوپێناوەدا، بە بەرهەمدار لە قەڵەم دا.

پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ئەنجامی دانوستاندنی لایەنەکان، پەیوەندی و کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون.