
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2025/1/27 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی کە لە بەڕێزان د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی نیشتمانیی هیندستاندا کرد کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی هیندستانەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتیی سیاسیی ناوخۆ، دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانیش ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان پیرۆزباییی یادەکەی لە بەڕێز مادان گۆپال، کونسوڵی گشتیی هیندستان و ستافی کونسوڵخانە کرد و بەردەوامیی پەیوەندی و پتەوترکردنی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستانی، دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز گۆپال، خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوونی شاندەکەی سەرۆکایەتیی لە ڕێوڕەسمەکەیاندا نیشاندا و جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا، کردەوە.


