
ئەمڕۆ شەممە 2025/7/19 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، کرد.
لە دیدارێکدا چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە دۆخی ناوخۆ، کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا، ڕەوشی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، تاوتوێ کران.
لە تەوەری ناوخۆدا، باس لە لێکگەیشتنی ئەم دوایییەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایییەکان کرا و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگییەکەی، پێویستیی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی خاڵ و بڕگەکانیەوە، دووپات کرایەوە. لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان بەناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ـەوە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی حکوومەت و بەرپرسانی ئەمەریکا و هەروەها هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد، کە ڕۆڵیان لە سەرخستنی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی هەردوولادا، گێڕاوە. لای خۆیەوە بەڕێز ڤەیگن، پاڵپشتیی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانێکی پارێزراو و بەهێز و فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ هاریکارییکردن لە یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆوە، نیشان دا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی خرایە بەر باس و وێڕای هەڵسەنگاندنی لێکەوتەی ڕووداوەکان بەسەر سەقامگیریی ناوچەکەوە، جەخت لە هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە، کرایەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان، هەروەها کارکردن بۆ برەودان و فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێزان کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون.

