
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/5/29 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز لیۆ جیۆن، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، چەندین تەوەر سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگیی فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکاندا، کرایەوە.
لە تەوەری ناوخۆدا، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ئەنجامی دانوستاندنی لایەنەکان، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆکایەتی بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە خرانە ڕوو، لەمبارەیەوە، پێویستیی خێراکردنی پرۆسەکە دووپات کرایەوە.
کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەکانی یەکلاکردنەوەیان، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو کە تیایدا بۆچوون و بیروڕا لەبارەیانەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.

