
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/8/20 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ماکسیم ڕۆبن، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، جەخت لە گرنگی و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کرایەوە و بیروڕاش بە مەبەستی پێشخستن و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکاندا، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دۆخی عێراق و پەرەسەندنەکانی، بەتایبەتی هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و کێشە هەنووکەییەکان لەسەر وزە و دارایی خرانە بەر باس، لەمبارەیەوە، هەردوولا لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی وتووێژ و دانوستاندنەکان لەپێناو گەڵاڵەکردنی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشەکان، هاوڕا بوون.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، تیایدا لێکەوتەی ڕووداوەکان بەسەر سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی وڵاتانی ناوچەکەوە، تاوتوێ کرا.

