
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/2/6 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی (کۆنگرەی ئەساقیفەی ئەڵمان، کۆمەڵەی ئەڵمانیی بۆ خاکە پیرۆزەکان) کرد کە لە ژمارەیەک پیاوی ئایینی و کەسایەتیی زانستیی ناوەندە ئایینییەکانی مەسیحی لە ئەڵمانیا، پێکهاتبوون.
لە دیدارێکدا، دۆخی ئازادی و فرەییی ئایینی لە هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس. بەڕێز سەرۆکی دیوان، ئاماژەی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاجیاکان کرد و وەک کولتوورێکی مێژوویی کە کوردستانی پێ دەناسرێتەوە، وەسفی کرد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، شاندی میوان بۆچوون و ڕوانینی خۆیان دەربارەی ژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لە ئەنجامی سەردان و بەسەرکردنەوەکانیان بۆ ناوەندە ئایینی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکانی گشت پێکهاتە جیاجیاکان گەڵاڵەیان کردووە، خستەڕوو، لەمبارەیەوە، ژیان و مافی پێکهاتەکانیان لە هەرێمی کوردستان، بە نموونەیی و پارێزراو لە قەڵەم دا.

