Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی نووسینگە لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبووەوە

2025-01-27T10:53:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/1/27 بەڕێز د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو میشێل سایدەرز، بەرپرسی کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای خستنەڕووی دۆخی ناوخۆ و ڕەوشی گشتیی ناوچەکە، بیروڕا سەبارەت بە لێکەوتەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، ئاڵوگۆڕ کرا.

لە تەوەری ناوخۆدا، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خرایە بەر باس، لەمبارەیەوە، بەڕێز سەرۆکی نووسینگە دوا هەنگاوەکانی ناو پرۆسەکە و هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، ڕوون کردەوە.

کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و گرنگیی بەردەوامی و پەرەپێدانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.