ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/6/2 لە پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر، بە به‌شداريى شاندێكى سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕه‌سمى بەخشینی خه‌ڵاتى نیشتمانیی شایستەیيی فەرەنسا (سوارچاك) بە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لەلایەن بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنساوه لە عێراق بەڕێوەچوو.
لە گوتارێکدا، به‌ڕێز باڵیۆزی فەرەنسا ستایشى ڕۆڵی بەڕێز یان برێمی کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها (19) ساڵ خزمەتی دیپلۆماسيی ئه‌وى لە وڵاتانی جیاواز بەرز نرخاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
شاندى سه‌رۆكايه‌تى پيرۆزبايى له به‌ڕێز یان برێم كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمى كوردستان كرد، لاى خۆشيه‌وه به‌ڕێز برێم سوپاس و پێزانینی بۆ ئەم ڕێزلێنانە دەربڕی و سوپاسی ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداریکردنیان لەم بۆنەیەدا، هەروەها شانازیی خۆی بە پەیوەندییەكانى نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا دووپات کردەوە.
خه‌ڵاتى نیشتمانیی شایستەیيی فەرەنسا، یەکێکە لە بەرزترین خه‌ڵاته فەرمییەکانی کۆماری فەرەنسا کە وەک ڕێزلێنانێک بۆ دەستکەوت و خزمەتە بەرز و جیاوازەکان دەبەخشرێت.