Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ يادى شۆڕشى ئه‌يلوول

2022-09-11T05:53:26.000000Z
لێدوان

ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌ست و يه‌ك ساڵه‌ى هه‌ڵگيرسانى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول و ڕێبه‌رى شۆڕش بارزانيى نه‌مر و هاوه‌ڵانى و هه‌موو ئه‌و قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئازاديى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ياندا گيانيان به‌خشى. سڵاو بۆ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌ر‌زى شه‌هيدان و هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێڕانه‌ ده‌نێرين كه‌ له‌ ڕۆژانى سه‌خت و دژوارى شۆڕشدا دڵسۆزانه‌ و خۆنه‌ويستانه‌ ڕه‌نجيان كێشا و خزمه‌تيان كرد.

شۆڕشى ئه‌يلوول، گێڕانه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانيى گه‌لى كوردستان بوو. شۆڕشى هه‌موو چين و توێژ و پێكهاته‌كان بوو كه‌ له‌ژێر ڕابه‌رايه‌تى و سه‌ركردايه‌تييه‌كى يه‌كگرتوودا هه‌مووانى كۆكرده‌وه‌. له‌ يه‌كێك له‌ سه‌ختترين قۆناغه‌كانى مێژووى گه‌لى كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، به‌ ئيراده‌ و بڕوايه‌كى پۆڵايينه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى دوژمن بووه‌وه‌. ده‌وڵه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا بنێت و ببێته‌ بنا‌غه‌يه‌ك بۆ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى دواترى. نموونەیەکی جوانتری شۆرش ئەوەبوو كه‌ لە سەرکەوتندا له‌خۆبايى نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی کرده‌ دەرفەتێكى زیاترى لێبوردەیی و خەباتی هاوبەش و یەکخستنەوەی زیاتری ناوماڵی کوردستانيیان.

شۆڕشى ئه‌يلوول بۆ دۆست و نه‌ياران و بۆ هه‌موو جيهانى سه‌لماند كه‌ هيچ هێز و توانايه‌كى سه‌ربازى ناتوانێت ئيراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ژيان و ئازادى بشكێنێت. نهێنى و هێزى سه‌ركه‌وتنى شۆڕش، ته‌بايى و يه‌كڕيزيى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان بوو، بۆيه‌ له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ و هێزه‌ سياسييه‌كانى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌. ئه‌وه‌ تاقه‌ ڕێگه‌ى پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و چه‌سپاندنى سيستمى فيدراڵى و داهاتوويه‌كى باشتره‌.

شكۆدار بێت يادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول و دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/9/11