Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

راگەیاندراوێك لە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی كوردستانەوە

2019-12-05T04:49:49.000000Z
لێدوان

پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە.

ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.

جارێكی دیكەش جه‌خت لەوه‌ دەكەینەوە كە داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فروانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان

٥/١٢/٢٠١٩