Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

ڕاگه‌يه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

2021-06-05T12:25:53.000000Z
لێدوان

به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌‌ ده‌كه‌ين كه‌ به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى PKK له‌ ناوچه‌‌ى مه‌تينا له‌ سنوورى ئامێدى كرديانه‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و له‌ ئه‌نجامدا پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هيد و ژماره‌یه‌کی ديكه‌ش بريندار بوون. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌ين و هاوبه‌شى خه‌ميانين، هيواى زووچاكبوونه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين.

دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ کە پێویستە سنوورێک بۆ‌ ئه‌م ڕەفتارانەی PKK به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان دابنرێت و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ناکرێت بەردەوام بن كه‌ بێ پاساو ماوه‌ى سێ ده‌يه‌يه‌ به‌رامبه‌ر به‌‌ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى ده‌یكات و بووه‌ته‌ هۆى نه‌هامه‌تیی به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتيان و ڕێگرى له ئاوه‌‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى ژيان بۆ سه‌تان گوند و دێهاتى كوردستان كردووه‌.

ئه‌وان به‌رده‌وام بوونه‌ته‌ هۆى دروستکردنی کێشە و هيچ ڕێزێك له‌ ئيداره‌ و ياساكانى هه‌رێمى كوردستان ناگرن و به‌رده‌وام ئارامى و سه‌قامگيريى گه‌ل وڵاته‌كه‌مان ده‌خه‌نه ‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌وه‌.

دووباره‌ داوا ده‌كه‌ين و هۆشدارى ده‌ده‌ين كه‌ PKK چيتر نه‌بێته‌ هۆكارى ئاڵۆزى و پشێوى، چه‌كدارانى له‌ سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان دوور بخاته‌وه‌ و ڕێز له‌ قه‌واره‌ و ئيداره‌ و سنووره‌كانى هه‌رێم بگرێت و خاكى هه‌رێمى كوردستان نه‌كاته‌ پێگه‌يه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتانى دراوسێ و تێكدانى ئارامى و سه‌قامگيرى، حكوومه‌تى فيدراڵى عيراقيش ده‌بێ له‌مباره‌يه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى خۆى جێبه‌جێ بكات.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

2021/6/5