پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ده‌رباره‌ى پەسەندكردنی یاسای ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزدی

News
- 1 March 2021

بەبۆنەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزدييه‌وه‌ له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسی هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەم. ئەوە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدیمان و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان.

داوا دەكەین بە شێوەیەكی خێرا ده‌ست بە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ناو یاساكە بكرێت، چونكە بارودۆخی هەموو ئافرەتە ڕزگاربووە ئێزدییەكانمان و منداڵ و خێزانەكانیان پێویستی بە هاوكاريی خێرا و هەمەلایەنەیه‌.

خوشك و برایانی ئێزدی دووچاری كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە و وەحشیگەرییەكی زۆر بوون بە ڕفاندنی ئافرەتان و منداڵانیان و كۆمەڵكوژكردنی پیاوەكانیان، سەرەڕای وێرانبوونی زۆربەی دەڤەری شنگال و دەربەدەربوونی زۆربەی خەڵكی ئێزدی كە بێگومان ئەوەش پێویستی بە ئاوەڕدانەوە و بڕیاری زیاترە بۆ ئەوەی هەموو ئێزدی دڵنیا بن كە دەتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەستی ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگاتە ناوچەكەیان، هەنگاوی گرنگیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ڕێككەوتننامەی شنگالە.

ئێمە لە ڕێگەی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانى ئێزدييه‌وه‌ توانیومانە تا ئێستا (3,545) ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزدی ڕزگار بكەین، خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وەك ئەركی خۆمان بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبین بۆ ڕزگاركردن و ئاشكرابوونى چاره‌نووسى ئەو (2,768) ئێزدیەی تا ئێستاش ونن.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/3/1