Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يادى ئه‌نفالى بادينان

2020-08-25T02:33:49.000000Z
لێدوان

ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى قوربانييانى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه، دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان و سڵاو بۆ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين. له‌ به‌رده‌واميى ئه‌و شاڵاوه‌ به‌دناوه و له‌ تاوانێكى ديكه‌ى دڕه‌نده‌دا، ساڵى 1988 ڕژێمى به‌عس زیاتر له‌ (180) هه‌زار هاووڵاتيى كوردستانى هه‌ر له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا بادينان بێ جياوازى بێسه‌روشوێن و شه‌هيد كرد و هه‌موو شوێنه‌وارێكى ژيانى له‌ هه‌زاران دێهاتى كوردستان سڕييه‌وه‌.

له‌ 25ى ئابه‌وه‌ تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 له‌ دوا قۆناغه‌كانى ئه‌نفالدا زۆربه‌ى زۆرى ناوچه‌كانى بادينان كيمياباران كران و هه‌موو پێكهاته‌كانى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ له‌لايه‌ن پێنج فيرقه‌ى سه‌ربازييه‌وه ڕووبه‌ڕووى گرتن و كوشتن و ڕاگواستن بوونه‌وه‌، مزگه‌وت و دێر و گونده‌كانى بادينان به‌ر شاڵاوه‌كه‌ كه‌وتن و وێران كران، ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ تاوانه‌كه‌ ڕزگاريان بوو، به‌ره‌و ئێران و توركيا و وڵاتانی دى، ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ ده‌بێت حكوومه‌تى فيدرالى عێراق ئه‌ركى ياساييى خۆى و بڕيارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق جێبه‌جێ بكات كه‌ شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالى به‌ تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى و جينۆسايد و جه‌نگ ناساندووه‌ و قوربانييان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش خزمه‌تى زياترى قوربانييانى ئه‌نفال و به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسى ونبووان بكرێت، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بين له‌ به‌دۆكيوومێنتكردنى تاوانه‌كان و هه‌وڵدان بۆ ناسانديان به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕێگريكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌يان له‌ هه‌ر شوێنێكى جيهان.

ده‌بێ يادى ئه‌نفال هانده‌رى زياترمان بێت بۆ پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان و ئەو لاپەڕانەی مێژوو پێویستە ببنە ھەوێنی لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان و پاراستنی دەستکەوتەکانى كوردستان كه‌ ئه‌وه‌ش باشترين وه‌فادارييه‌ بۆ خوێنى شه‌هيدان. هه‌ر له‌م ياده‌دا سوپاس و پێزانينمان بۆ خه‌ڵكى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك هاوكاريى خه‌ڵكى لێقه‌وماوى بادينانيان كرد كه‌ له‌و شاڵاوه‌دا ڕاگوێزرانه‌ كه‌مپى زۆره‌ملێى جێژنيكان، جوامێرى و مرۆڤپه‌روه‌رييان هه‌رگيز له‌بير ناكرێت.

سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

25/8/2020