Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى ڕێككه‌وتنى ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال

2020-10-09T17:31:27.000000Z
لێدوان

به‌ ئه‌رێنى و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌مڕۆى نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال ده‌ڕوانين. ده‌ستخۆشى له‌ تيمى دانوستانكارى هه‌ردوولا بۆ سه‌رخستنى گفتوگۆكان و گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن ده‌كه‌ين. ئه‌م كاره‌ ئه‌نجامى هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسياريه‌تى، پێكه‌وه‌يى و كارى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه‌.

سوپاس و پێزانين و ده‌ستخۆشييه‌كى تايبه‌ت پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران مسته‌فا كازمى ده‌كه‌ين كه‌ ڕۆڵێكى ديارى كاريگه‌ر و يارمه‌تيده‌رى بينى بۆ سه‌رخستنى گفتوگۆكان و گه‌يشتن به‌م ڕێككه‌وتنه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و به‌شداريى خاتوو جينين پلاسخارت نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و ماندووبوونى بۆ گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌ين كه‌ يارمه‌تيده‌ر و هاوكار بوون.

ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ هه‌نگاوێكى نيشتمانيانه‌ى دروسته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى وڵاتدا‌ و ده‌بێته‌ هۆى بنياتنانه‌وه‌ و پته‌وكردنى متمانه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، هيوادارين هه‌نگاوى ديكه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولاى به‌دوادا بێت و گه‌ڕانه‌وه‌يه‌كى سه‌ربه‌رزانه‌ و ئارام و بێ كێشه‌ بۆ خوشك و برايانى ئێزدى و ته‌واوى خه‌ڵكى شه‌نگال و سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى‌ ناوچه‌كه،‌ دابين بكات.

داواكارين پابه‌ندى به‌ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ بكرێت، هه‌روه‌ها داوا له‌ هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانمان ده‌كه‌ين بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ناوچه‌كه‌ و بووژاندنه‌وه‌ى ژێرخانيان هاوكارمان بن كه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى و ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورديى له‌نێوان پێكهاته‌كاندا.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

9/10/2020