
لە دووەم ڕۆژی سەردانیدا بۆ تاران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31/7/2024 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز محەممەد باقر قالیباف سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوخۆی عێراق و ههرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی خرایە بەر باس و دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و هاریكاریی هاوبەشیان لهسهر ئاستی ناوچهکه بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی بە پێویست زانی.
لە كۆبوونەوەكەدا كە شاندی یاوەری سەرۆك بەڕێزان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆك، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئامادەی بوون، باس له چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش کرا.


