Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵاى کۆنگرێسی ئەمەریکا كۆبوونه‌وه‌

2022-02-19T13:39:24.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئه‌مڕۆ شەممە 2022/2/19 له‌ چوارچێوه‌ى چالاكييه‌كانيان له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشندا، به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵاى کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتيی به‌ڕێز لیندسی گراهام کۆبوونەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ڕه‌وشى عيراق به‌گشتى و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.

شاندى كۆنگرێس دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كۆنگرێس به‌ بايه‌خه‌وه له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزمان له‌نێواندا هه‌يه‌، به‌ ڕه‌چاوكردنى ئه‌و هه‌موو ته‌حه‌دييانه‌ش كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، پێمانوايه‌ ده‌بێ په‌يوه‌ندييه‌كانمان به‌هێز بمێننه‌وه و بره‌ويان پێبده‌ين‌.

به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستانيش سوپاس و پێزانينيان بۆ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و به‌رده‌واميى پشتگيرييان بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ پێويست زانى بۆ نه‌هێشتن و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش.

هەروەها باس لە بڕیاری ئەمدواییەی دادگای باڵای فيدرالى دەربارەی ياساى نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کرا كه‌ خزمەتی سەقامگیریی دۆخی عيراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالى ناکات.