Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆبووه‌وه‌

2020-09-02T07:22:26.000000Z
هه‌واڵ

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/9/2020 له‌ به‌غدا به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرۆسه‌ى سياسى و كارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ياسادانان، بابه‌تى دادگاى فيدرالى و ميكانيزمى كانديدكردنى ئه‌ندامانى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژادنى داهاتووى عێراق، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى گشتيى وڵات به‌تايبه‌تى ناوچه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى شه‌ڕى دژى داعش و پێويستييه‌كانيان، په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا، دۆخى پێكهاته‌كان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوبه‌شى و هاوكاريى نێوان لايه‌ن و پێكهاته‌كانى وڵات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ى وڵات و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، دۆخى ئاواره‌كانى شه‌ڕى داعش له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كانى‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌يان، پێويستيى بايه‌خدانى زياتر به‌ دۆخى ئاسايش و سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى‌ ناوچه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى شه‌ڕ و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان به‌ خه‌ڵكى گه‌ڕاوه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى دى، خرانه‌ به‌ر باس.