![](https://presidency.gov.krd/uploads/old_images/2021/02/NB_Weziri-Dadi-Iraq-1-2-2021.jpg)
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١\٢\٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز سالار عەبدولستار محەمەد وەزیری دادی عێراق کرد.
لە دیدارێکدا دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و کاری وەزارەتی داد و دامەزراوەکانی ئەو بوارە تاوتوێ کرا و جەخت لە گرنگی و پێویستیی پاراستنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان کرایەوە.
پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندارەکانی هەردوو وەزارەتی داد لە عێراق و هەرێمی کوردستان و میکانیزمی ئەو هاوکارییە و چۆنیەتیی هەماهەنگیی نێوانیان، کێشە یاسایییەکان بەتایبەتی دەربارەی موڵکداری و خاوەنداریەتی لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوور و سوودوەرگرتنی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان لە خول و ڕاهێنانەکانی وەزارەتی دادی عێراق، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
![](/uploads/old_images//2021/02/NB_Weziri-Dadi-Iraq1-1-2-2021-1024x682.jpg)