Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى هاوكارييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا ده‌كات

2020-09-15T15:39:14.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا و خواست و ده‌رفه‌تى په‌ره‌پێدانيان، گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراقيان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م عێراق، پشتگيرى و كارى پێكه‌وه‌يى و هاوكاريى نێوان لايه‌ن و پێكهاته‌ عێراقييه‌كانى پێويسته‌ و له‌مباره‌يه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش ده‌توانێت يارمه‌تيده‌ر و هاوكار بێت.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى ئه‌مه‌ريكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌شێكى ديكه‌ى هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانيدا بۆ عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، ئه‌مڕۆ به‌شێكيان له‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ستايشى وڵاته‌كه‌ى بۆ پێكه‌وه‌ژيان و ته‌باييى نێوان پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستانى ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد، هه‌روه‌ها پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ هه‌رێمێكى به‌هێزى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقى فيدراڵدا دووپات كرده‌وه‌.

دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و گرنگيى كاركردن بۆ پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند بابه‌تێكى جێى به‌يه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.