Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پيرۆزبايى له‌ ڕێكخه‌رى گشتيى گۆڕان ده‌كات

2019-09-14T11:25:50.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز عومه‌ر سه‌يد عه‌لى كرد كه‌ دووباره‌ به‌ ڕێكخه‌رى گشتيى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ڵبژێردرايه‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ كار و ئه‌ركه‌كانيدا بۆ خواست.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/9/2019 له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عومه‌ر سه‌يد عه‌لى، ڕێكخه‌رى گشتيى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پيرۆزبايى و ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ڕێزيان به‌ ڕێكخه‌رى گشيتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، دووپاتى كرده‌وه‌ به‌ڕێز عومه‌رى سه‌يد عه‌لى به‌ مێژووى خه‌بات و تێكۆشان و به‌ ئاماده‌يى و كه‌سايه‌تيى خۆى، شايه‌نى دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى بوو.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى له‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و تيمى تازه‌ى سه‌ركردايه‌تيى بزووتنه‌وه‌كه‌ كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خۆيان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان خواست. لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز عومه‌رى سه‌يد عه‌لى پێزانينى خۆى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاسى كرد.