Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

2021-09-16T16:40:28.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ خاتوو ليز ترووس وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ خاتوو ترووس كرد كه‌ دوێنێ وه‌ك وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌ستبه‌كار بوو و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا دووپات كرده‌وه.

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو ترووس خۆشحاڵيى خۆى به‌ پێشوازيكردنى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ له‌نده‌ن ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ريتانيا پابه‌نده‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگيريكردنى عيراق و هه‌رێمى كوردستان و له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانيان له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا، ‌هه‌روه‌ها هيواى خواست هاريكارى و هاوبه‌شيى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا فراوان بكرێت.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى به‌ريتانياى كرد بۆ پشتگيرى له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارى و يارمه‌تيى‌ مرۆيى كه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى كردووه‌، پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگيرى و هاوكاريى به‌ريتانيا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆست، پێشكه‌ش كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و مه‌ترسييه‌كانى، هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشبينيى پرۆسه‌ى سياسى و داهاتووى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جيى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگيريى عيراق بۆ ناوچه‌كه‌ و جيهانيش گرنگه‌.