Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

2021-09-17T14:55:52.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/9/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌ديم زه‌هاوى، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى تازه‌يدا له‌ به‌ڕێز زه‌هاوى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و گوتى: مايه‌ى شانازييه‌ كه‌ ده‌بينين بۆ يه‌كه‌مجاره‌ كوردێك له‌ به‌ريتانيا له‌ بوارێكى گرنگدا ده‌بێته‌ وه‌زير و له‌ زۆر بوارى ژيانى سياسى و كارگێڕيدا سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها گرنگيى سوودوه‌رگرتنى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌زموون و سه‌ركه‌وتنه‌كانى به‌ريتانيا له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و خوێندندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى خوێندنى پيشه‌ييدا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر پێويست و گرنگه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز نه‌ديم زه‌هاوى خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردان و ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى كه‌ يه‌كه‌م شاندى فه‌رميى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيايه دواى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك وه‌زيرى په‌روه‌رده‌، پێشوازى لێده‌كات و له‌گه‌ڵياندا كۆدبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ ئاماده‌ييى به‌ريتانيا بۆ هاوكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك وڵاتانى ديكه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، ده‌توانێت له‌ بوارى كارى هاوبه‌شمان سوودمه‌ند بێت.

ئاڵوگۆڕى بيروڕا ده‌رباره‌ى دۆخى عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.