Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوزاى له‌ سه‌رۆكى (UNITAD) ده‌کات

2021-04-19T12:34:31.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/4/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كه‌ريم خان ڕاوێژكارى تايبه‌ت و سه‌رۆكى تيمى نێوده‌وڵه‌تيى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى داعش (UNITAD) كرد كه‌ بۆ ماڵئاوايى به‌بۆنه‌ى كۆتاييهاتنى ئه‌ركييه‌وه‌، سه‌ردانى به‌ڕێزيانى كردبوو.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌ ماوه‌ى‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا پێشكه‌شى كردووه‌، پێزانينى بۆ هه‌وڵه‌كانى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌كانى كردار و تاوانه‌كانى داعش‌ و به‌دواداچوونيان دووپات كرده‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى تازه‌يدا بۆ خواست كه‌ وه‌ك داواكارى گشتيى نوێى دادگاى نێوده‌وڵه‌تيى تاوان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

لاى خۆيه‌و به‌ڕێز كه‌ريم خان سوپاس و پێزانينى خۆى بۆ په‌رۆشیی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ری، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌ن و دامه‌زراوه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ له‌ ماوه‌ى كاركردنيدا له‌سه‌ر كه‌يسى لێكۆڵينه‌وه‌ و به‌دواداچوونى تاوانه‌كانى داعش پێشكه‌ش به‌ خۆى و تيمه‌كه‌ى كراوه‌ و هيواى خواست ئه‌نجامى كار و ئه‌ركيان به‌ سزادانى تاوانباران و به‌ديهاتنى دادوه‌رى بۆ قوربانيان بگاته‌ ئه‌نجام.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون که‌ دادگاییکردنی تاوانباران په‌یامێکی به‌هێزه‌ بۆ هه‌موو تاوانباران له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بن بۆ ئه‌وه‌ش بوونی یاسایه‌کیان بۆ دادگاییکردن له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ پێویست زانی، هه‌روه‌ها جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ قوربانیان له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ ئێزدی و مه‌سیحی و هه‌مووانی دیکه‌وه‌، چاوه‌ڕێی به‌دیهاتنی دادوه‌رین، نیگه‌رانیی خۆیشیان نیشان دا که‌ هێشتا مه‌ترسی و ژینگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی هه‌یه‌ و ده‌بێ له‌ڕووی په‌روه‌رده‌یی و کولتوورییه‌وه‌ کاری جددی له‌سه‌ر بکرێت.

دوايين هه‌نگاوه‌كانى كار و ئه‌ركى (UNITAD)، نووسینگه‌یه‌کی یوونیتاد له‌ هه‌ولێر که‌ بڕیاره‌ سبه‌ی بکرێته‌وه‌، دۆخى قوربانييان و ڕزگاربووانى ده‌ستى داعش به‌تايبه‌تى خوشك و برايانى ئێزدى، گرنگيى هاريكارى و پشتگيريى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كار و ئه‌ركى تيمه‌كه‌ و جێگره‌وه‌که‌ی، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.