لە سەردانێکی فەرمی دا بۆ ووڵاتی هەنگاریا، بە سەرۆکایەتی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی حەفتا و نەجات عهلی، فەرماندەی هێزەکانی هەشتا و شێخ جەلال شێخ ناجی، بەرپرسی هەواڵگری و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی پێشمەرگە و عەمید ڕوکن محەمەد سەعید حەمە نوری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئالان دیلان بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و سەربازیی ئەو ووڵاتە کۆبوونەوە.
سهرهتای سهردانهكه بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و شاندی یاوەری لەگەڵ بەڕێز د. زۆڵت شێمین، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەنگاریا کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، سوپاسگوزاری ووڵاتەکەی پێشکەش بە شاندی هەرێمی کوردستان کرد، لە بەرامبەر بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەیان دژ بە تیرۆریستانی داعش، هەروەها ئاماژەی بە قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە دا، کە لە جێگای هەموو جیهان شەڕی دژی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی کردووە.
لە وێستگهیهكی دیكهی سهردانهكهیاندا شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز فەریق زوڵتان میهۆتشا، سەرۆک ئەرکانی هێزی بەرگریی هەنگاریا کۆبوونەوە و تیایدا جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگیی نێوان هەردوولا و بەردەوامبوونی یارمەتییە سەربازییەکانی ووڵاتی هەنگاریا بۆ هێزی پێشمەرگە و دڵنیابوونەوە لە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی هەنگاریا لە عیراق و هەرێمی کوردستان.
پاشان لە کۆنفرانسی ئەکادیمی و سەربازی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی جیۆپۆلەتیک سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیای چارەنووسی عیراق و هەرێمی کوردستان، باس لە دوایین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرا، دواتر تیشک خرایە سەر سیاسەتی گشتیی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ووڵاتی هەنگاریا بەرامبەر هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ستراتیژ و هێزێکی کاریگەری دژ بە تیرۆریستان، هەروەها یەکڕیزی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە تەوەرێکی تری کۆنفرانسەکە بوو کە بوونی هێزێکی لەم شێوەیە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و پاراستنی ناوچەکە، هەروەها لە دیدگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وێنەیەکی ئەرێنی و جوانتر دەبەخشێت بە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی سەردانەکهدا بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سوپاسی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە ووڵاتی هەنگاریا کرد، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی هەنگاریای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەرز نرخاند و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.