ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٧/٢٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کلێمنس سێمتنەر کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکە، هەماهەنگی و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان لەنێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، یەکگرتوویی و یەکدەنگی لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا و ئەرک و هاریکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوون و هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندیی زیاتری نێوانیان کردەوە، بەتایبەت لەڕووی یارمەتییە سەربازییەکانهوه بۆ بەهێزکردن و بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە، ئەمەش پێویستی بە یەکگرتوویی و تەبایی و یەکدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان هەیە.
پاشان کونسولی گشتیی ئەڵمانیا، بەڕێز (شڤایسگوت)ی وەک کونسولی سیاسی و پەیوەندییەکانی تایبەت بە پڕۆسەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە ناساند، بەڕێز جێگری سەرۆک خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هیوای خواست لە ئەرکەکەی سەرکەوتوو بێت و هەموو پاڵپشتییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەئەنجامگەیاندن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خستە ڕوو و هەنگاو و میکانیزمەکانی ئەو پڕۆسەیەی لەڕووی پێشکەوتنەوە بە ئەرێنی وێنا کرد، ههروهها هیوای خواست لە کاتێکی نزیکدا مژدەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕابگەیەنن.