Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ باڵیۆزی فلیپین کۆبووەوە

2021-08-06T16:59:27.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢١/٨/٦، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە قەرەداغ لەگەڵ بەڕێز جێنێرۆسۆ کالۆن باڵیۆزی فلیپین له‌ عیراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەكەدا دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان و دۆخی ئێستای عیراق و هه‌رێمی کوردستان، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و بەرەوپێشچوونەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز باڵیۆزی فلیپین وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ دیداری جێگری سه‌رۆك، هه‌روه‌ها ئارامی، سەقامگیری، تەبایی و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و بیروڕا جیاوازەکانی لە ھەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند.

دواتر به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر تیشكی خسته‌ سه‌ر سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگ و دەسکەوتەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پاراستن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام مافی هه‌موو خه‌ڵكی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌ بێ جیاوازی.