Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک له‌گه‌ڵ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووه‌وه‌

2021-09-27T15:41:44.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ دووشەمە ٢٧/ ٩/ ٢٠٢١ به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ، بەرپرسی نوێی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا دۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردنه‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، گرنگیی یەکریزیی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و وه‌لانانی جیاوازییه‌كان به‌مه‌به‌ستی زیاتر به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسیی كوردستان له‌ به‌غدا و به‌ده‌ستهێنانی مافی زیاتر بۆ گه‌لی كوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا، گفتوگۆی لە بارەوە کرا.

به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە خاتوو ماری پارێ، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست و ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپای لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان له‌ ڕۆژگارە سەختەکان و هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران و بەشدارییان لە پرۆژەکانی گەشەسەندنی ئابووری و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان، بەرز نرخاند و هیوای به‌رده‌وامیی پشتیوانییەکانی یەکێتی ئەورووپای بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست.