Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتيی ئەمه‌ریکا کرد

2023-09-19T11:52:49.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩/٩/٢٠٢٣ لە هەولێر، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری ‏سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتيی ئەمه‌ریکا ‏لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. ‏

لە کۆبونەوەیەکدا بارودۆخی سیاسی و ئه‌منيى هەرێمی کوردستان و عێراق و ‏سەقامگیريی ناوچەکە باسی لێوە کرا، هه‌روه‌ها سەبارەت بە ئاستەنگی بەردەم ‏یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گفتوگۆى ‏هەولێر و بەغدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لە پێويستيى یەکگرتوویيی لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و ‏جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز کرايه‌وه‌ وەک زامنی ‏پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها دوورخستنەوەی ‏بابەتی مووچە و بودجە لە ململانێ سیاسیيەکان. ‏

لە کۆتاییدا وێڕای سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی ‏کوردستان، به‌ڕێز جێگری سەرۆک بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی ئەمه‌ریکا لە ‏ناوچەکەدا كرد. ‏