Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی بەریتانی کرد

2021-05-05T19:26:43.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ ئێوارەی چوارشەممە ٢٠٢١/٥/٥، به‌ڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز سامی سامپسۆن گەورە ڕاوێژکاری سەربازیی بەرگریی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوه‌یەکدا دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و جموجۆلەکانیان لە ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و هێزه‌کانی هاوپەیمانان و یارمەتییە سەربازییەکانی بەریتانیا و ڕاهێنان و مەشقەکانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی بەریتانیا و هاوپەیمانانی لە عێراق کرد و تیشکی خسته‌ سه‌ر دوایین جمووجۆڵەکانی داعش و بە مەترسییەکی جددی بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەی لە قەڵەم دان.

یه‌ڕێزیان بوونی هێزەکانی بەریتانیا و هاوپەیمانانی لە عێراق بە گرنگ زانی و جەختی کردەوە کە دەبێت هاوکاریی زیاتر بکەن بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش، بەتایبەتیش لە هەماهەنگی بۆ دروستبوونی هێزێکی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگه بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان تێدایه‌ و بۆتە شوێنی چالاکی و هێرشە تیرۆریستیەکانی داعش، جەختیشی لە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و گرنگیی جێبەجێکردنی بۆ ئێستا و داهاتوو کرده‌وه.

لای خۆیەوە بەڕێز سامپسۆن، پاڵپشتیی وڵاتەکەی لەڕووی هاوکاریی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ زانی بۆ دروستبوونی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی.