Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا دەكات

2024-02-01T11:34:37.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١/٢/٢٠٢٤، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەدیدارێکدا، وێڕای پیرۆزباییی دەستەبەکاربوون و پشتیوانی لە ئەرکە نوێیەکەی لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێمەوە، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، کێشەی بودجە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان، ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕێکكەوتنی هەولێر ـ بەغدا، پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، شەفافییەت و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

بەڕێز جێگری سەرۆک باسی لە ڕۆڵ و پشتیوانیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و فراوانترکردنی پەیوەندیی لەمێژینەی هەردوولا لەسەر هەموو ئاستەکان بە گرنگ زانی، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، زامنی بەدیهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکان و کلیلی چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆیە.

هەردوولا هاوڕابوون کە شەفافییەت لە حکومڕانی و داهات و کۆکردنەوە و چۆنیەتی خەرجکردن، هەروەها یەکڕیزیی لایەنەکان بە ئامانجی ستراتیژێکی نیشتمانی و دامەزراندنی سووپایەکی نیشتمانی، قەڵغانی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.