Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسولی گشتيی یۆنان لە هەولێر کرد

2021-05-18T10:41:36.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

بەیانيی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٥/١٨، به‌ڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستاڤرۆس کیرمیس کونسولی گشتيی یۆنان لە هەولێر كرد.

لە دیدارێکدا پەیوەنديیه‌كانى هەرێمی کوردستان و یۆنان، پەروەردە و خوێندن، بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە، دابینکردنی ئاسایش له‌ سنوورەکان و چەند پرسێکی ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبەش تاوتوێ كران.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک، یۆنانی بە دۆستێکی لەمێژینە ناساند کە هەمیشە لە کاتە پێویستەکاندا بۆ گه‌لى كوردستان هاوكار بووه‌، هەروەها شارستانییەتی یۆنانی بە گرنگ نرخاند بۆ دەستپێکی پێکەوەژیان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و پێشکەوتن و زانست و هیوای خواست هه‌رێمى كوردستان سوود لەو ئەزموونانە وەربگرێت.

لای خۆیەوە به‌ڕێز کونسولی گشتيی یۆنان دووپاتی کردەوە کە وڵاته‌كه‌ى خوازيارى په‌ره‌پێدانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانييه‌تى لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لە بوارەکانی گرنگیدان بە کەرتی بووژانەوه‌ و ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی تواناسازی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان کار دەکەن.