ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨/٥/٢٠٢٤، بهڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بهڕێز ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بە بایەخەوە باس لە گرنگیی سەردان و دیداری شاندی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێراندا کرا.
لە درێژەی دیدارەکەدا جەخت لە دیالۆگ و هەماهەنگی و یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و لەمپەرەکان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا.
هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد لە بوارەکانی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیدا.