Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسولی ڕۆمانیا كرد

2021-09-20T10:36:36.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٩/٢٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز هۆریا پێتریسکۆ کونسولی ڕۆمانیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەکانی عیراق و ناوچەکە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاسایش و سەقامگیری و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچە جیاکان، باس كران.

بەڕێز جێگری سەرۆک، هيواى خواست هەڵبژاردنی ئەمجارە وەڵامدەرەوەی خواسته‌كانى خه‌ڵك و ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتیانى عیراق بێت و لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسيى زياتر له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت و حكوومه‌تى داهاتوو بتوانێت خزمه‌تگوزاريى باشتر پێشكه‌ش بكات.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بره‌ودان به‌ پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان ڕۆمانیا و هەرێمی کوردستان، ئاسایش و سەقامگیری له‌ ناوچەکە، بنەبڕكردنی كردەوە تیرۆریستییەكان و بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوی داعش، هەماهەنگيی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان خرانە بەر باس و گفتوگۆ.