Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک سەنگەرەکانی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بەسەر دەکاتەوە

2021-05-02T19:21:55.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٥/٢ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەردانی سەنگەرەکانی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچکەی پردێی کرد دوای ئەوەی دوێنێ لەوێ تیرۆرستانی داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پێشمەرگە و پاش بەرگرییەکی ئازایانە و تێکشکاندنی هێرشە تیرۆریستییەکە، سێ پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

بەڕێز جێگری سەرۆک دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوپەیمانانی ڕاگەیاندووە کە داعش مەترسییە و هەمیشە لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و تێکدانی ئارامیی ناوچەکەدان، بەتایبەت لە ناوچەکانی مادەی (١٤٠) کە بۆشایییەکی ئەمنیی زۆری تێدا هەیە و هەماهەنگییەکی تەواو سەربازیش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا بۆ پاراستن و دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە نییە.

به‌ڕێز جێگری سه‌رۆک جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کاری خێراتر دەکات بۆ درووستبوونی هێزێکی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پاراستنی ئەو ناوچانە لە داعش، چونکە بەردەوامبوونیان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی.

دوای گەڕانەوەی لە میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە، بەڕێز جێگری سەرۆک سەردانی ماڵی شەهیدان و بریندارانی ئەو هێرشە تیرۆریستیەی کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی گەیاندە خانەوادەی سەربەرزیان و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.