Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە تیمێکی سەربازیی فەرەنسی کرد

2021-06-16T16:59:10.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٦/١٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ ئەشیل کۆماندەری هێزه‌ فه‌ره‌نسييه‌كان له‌ هاوپەیمانيی نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، هەوڵ و ماندووبوونی تیمی سەربازيی فه‌ره‌نسى له‌ هاوپەیمانيی نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش لە عێراق بەرز نرخاند کە هەمیشە پاڵپشت بوونە بۆ نەمان و دوورخستنەوەی ئەو مەترسییانەی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەکەدا دروستی دەکەن.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر بنکە و تونێلە شاراوەکانی داعش بە گورزێکی کوشندە وەسف کرد کە هێزە تایبەتەکانی لیوای کۆماندۆی سەر بە فەرماندەییی هێزەکانی حەفتا و دژەتیرۆری عێراق بە پاڵپشتیی هێزە فەرەنسی و ئیتالییه‌کان تیایدا بەشدار بوون و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر لاوازبوونی داعش لە ناوچەکەدا هەبوو.

هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە بۆ سەر بنکە و حەشارگە شاراوەکانی تیرۆریستانی داعش کردەوە، هەروەها داڕشتنی پلانی داهاتوویان بۆ بنه‌بڕکردنی یەکجارەکیی داعش تاوتوێ کرد بەتایبەت لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی کە بۆشاییە ئەمنییەکانیان کردۆتە هەلێک بۆ ڕێکخستنەوەی شانە نووستووەکانیان و پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.