Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە باڵیۆزی ئەرمینیا لە عیراق کرد

2021-08-23T12:37:57.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣/٨/٢٠٢١ بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هیراچیا پۆلادیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عیراق كرد کە بەهۆی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی و بۆ ماڵئاوایی سەردانی جێگری سەرۆکی کردبوو.

لە دیدارێکدا باس لە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق، پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەكانی نێوان هەردوولا كرا و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا لە بوارەکانی کولتووری و خوێندندا کردەوە و هیوایان خواست پێكەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاته‌کان فراوانتر ببێت و پێکه‌وه کار بۆ پاراستنی مافی هەمووان بە یەکسانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی بەڕێز باڵیۆزی ئەرمینیا لە عیراق لە ماوەی كاركردنیدا كرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەركی نوێدا بۆ خواست.