Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

یاریدەدەری سەرۆک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هەنگاریا کۆبووەوە

2025-04-15T16:20:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/4/15 لە بۆداپێستی پایتەختی هەنگاریا، بەڕێز فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، لەلایەن بەڕێز بیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریاوە، پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەنگاریا، بەتایبەتی لە بواری وزەدا، هەروەها به‌ها هاوبه‌شه‌کان و پاراستنی پێکهاته‌کان له‌ ناوچه‌که‌ به‌گشتی، خرانە بەر باس و ئامادەییی دوولایەنە بۆ بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان و فراوانکردنی بواره‌کانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش، دووپات کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وێڕای خستنەڕووی ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی، پێگەی هەرێمەکە لە عێراق و ناوچەکەدا و ڕۆڵی لە سەقامگیریی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە هێشتا هەر مەترسییە، بە کاریگەر ناوزه‌د کرا، هه‌روه‌ها باس له‌ دۆخی سووریا و پێگه‌ی کورد له‌و وڵاته‌ کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز یاریدەدەری سەرۆک، سوپاس و پێزانینی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بە گەل و حکوومەتی هەنگاریا گەیاند کە لە کاتی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، هاوکار و هاریکاریی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بوون.

لای خۆیەوە بەڕێز وەزیری دەرەوەی هەنگاریا، سڵاوی ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵیی خۆی و حکوومەتی وڵاتەکەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، دەربڕی.