Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندێكی هه‌رێم به‌شداریی ڕێوڕه‌سمی باشترین تێزی دكتۆرای‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات

2022-02-26T17:13:55.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

لەسەر بانگهێشتی کۆمکاری ووڵاتانی عەرەبی، ئەنجومەنی وەزیرانی داد، ڕۆژی هه‌ینی 25/2/2022 شاندێكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ به‌ڕێز فه‌ره‌سه‌ت ئه‌حمه‌د وه‌زیری داد و د. غازی سابیر دزه‌یی سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری یاسایی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو، له‌ لوبنان به‌شداریی ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵات بە باشترین تێزی دکتۆرا لە بواری دادوەری و یاسا لە وڵاتانی عەرەبی كرد.

ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ ژێر چاودێریی به‌ڕێز نه‌جیب میقاتی سەرۆکی حكوومه‌تی لوبنان و ئامادەبوونی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌بو ئه‌لغه‌یت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، وەزیرانی داد و زۆربەی وەزیرانی لوبنان، باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی و بیانی، بەشێکی زۆر لە دادوەران و پسپۆڕانی بواری یاسا لە وڵاتانی عەرەبی، به‌ڕێوه‌چوو.

شاندی هەرێمی كوردستان له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا لەلایەن به‌ڕێزان مێشێل عون سه‌ركۆماری لوبنان و نه‌بیھ بڕی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی لوبنانه‌وه‌ پێشوازیكرا و تیایدا بەڕێز وەزیری داد سڵاو و ڕێزی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مه‌سروور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێڕاگەیاندن و هیوای خواست بارودۆخی نالەباری ئێستای لوبنان کۆتایی پێبێت و ڕۆڵی پێشووی خۆی ببینێت و هاوڵاتیانی ئاسوودە بژین و پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ڕه‌وه‌ندی لوبنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و كار و چالاكییه‌كانیان پێشكه‌ش كرد.

بەڕێزان، خۆشحاڵ بوون بە ڕوونکردنەوەی بەڕێز وەزیری داد کە هاوڵاتیانی لوبنان ڕێز لێگیراون و ئازادانە ئیش و کارەکانیان ئەنجام دەدەن لە هەرێمی کوردستان. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لە بواری یاسا و دادوەری، دووپات کرایەوە.

شاندی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها به‌شداری له‌ نیوه‌ڕۆخوانێكدا كرد كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنانه‌وه‌ ڕێكخرابوو و تیایدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی شاندی هه‌رێم و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن دەربڕی و داوای کرد کە ڕێز و سڵاوی تایبەتییان بگەیەنن بە بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.