Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان بەشداریی جەژنی جەمایێ لە لالش دەکات

2022-10-09T10:56:36.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەمە 9/10/2022 بە نوێنەرایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نەوزاد هادی ڕاوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی حسێن قاسم ڕاوێژکاری کاروباری ئێزیدیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی جەژنی جەمایێ، سەردانی پەرستگەی لالشیان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدیانه‌وه‌، جڤاتی ڕۆحانی و کەسایەتییانی ئایینی و كۆمەڵایەتیی ئێزیدییه‌وه‌، پێشوازییان لێ کرا.

لە سەردانەكەدا شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ناوی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانه‌وه‌، جەژنەپیرۆزەیان لە میر حازم تەحسین بەگ و جڤاتی ڕۆحانی و كەسایەتییانی ئاینی و كۆمەڵایەتیی ئێزدی كرد و جەختیان لە زیاتر پتەوكردن و بەهێزكردنی كولتووری پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان كردەوە.

لە بەرامبەردا میر حازم سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی جەژنی جەمایێ و مەراسیمەكانی دیكەی ئێزدیان و ئەم بەشداریكردنەی شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوكردنی كولتووری پێكەوەژیان بەرز نرخاند.