Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەكات

2025-12-16T09:31:00.000000Z
هه‌واڵ پەیامی پیرۆزبایی

بەڕێزان سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ،

بە گەرمی پیرۆزباییی ئەم دەستکەوتە جیهانییەتان لێ دەکەم کە تێیدا هانده‌رانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ له‌لایه‌ن فیفاوه‌ وەک باشترین و کاریگەرترین هانده‌ر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کران.

ئەم نازناوە جیهانییه‌، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئێوە بە جۆش و خرۆش و شێوازی شارستانییانەی هاندان، یاریگاکه‌تان کرده‌ تابلۆیەکی هونەریی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی کوردستانتان بە جیهان گەیاند.

دڵسۆزی و وەفاداریی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەکەیان، نموونەیەکی باڵایە. هیوادارم هەمیشە وەک پێشەنگ بمێننەوە و پاڵپشتێکی بەهێز بن بۆ پێشکەوتنی وەرزش و بەرزڕاگرتنی ناوی کوردستان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/12/16