Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندێكی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌شداری دوو ڕێوڕه‌سمی ئێزدیان و كرستیانه‌كان ده‌كات

2022-08-16T15:52:22.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

رۆژی سێشەممە 16/8/2022، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان كه‌ له‌ به‌ڕێزان کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتی، خاتوو فلۆرین گۆرگیس، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوون، به‌شدارییان لە مەراسیمی کردنەوەى دیواری مێژوویی لە مۆزەخانەی کەلەپووریی سریانی كرد كه‌ له‌ به‌رده‌وامیی پرۆژەی پاراستنی کەلەپووری ڕۆشنبیریی پێکهاتەکانه‌ لە عێراق و‌‌ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی کەلەپوور و مۆزەخانەی سریانی لە عەنکاوە ڕێكخرابوو.

هه‌روه‌ها شاندی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی دووشه‌مه‌ 15/8/2022 به‌شدارییان له‌ مەراسیمی یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان كرد کە ئه‌میشیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ هه‌ردوو ڕێوڕه‌سمدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومه‌ت و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیرانی ئێزدی و سریان ئاماده‌ی بوون، ئاماده‌بووان جه‌ختیان له‌ پاراستنی تابلۆی جوانی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قوربانیدانی پێكهاته‌كان له‌م پێناوه‌دا كرده‌وه‌‌.