Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك ڕه‌ئيسى، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنييان ئه‌نجام دا

2021-06-21T17:48:24.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/6/2021 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز ئيبراهيم ڕه‌ئيسى، سه‌رۆكى نوێى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنييان ئه‌نجام دا.

له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك ڕه‌ئيسى كرد كه‌ له‌لايه‌ن گه‌لانى ئێرانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك كۆمارى نوێی وڵات هه‌ڵبژێردرا و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى سوپاس و پێزانين بۆ هاوكارى و پشتگيرييه‌كانى ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا، هيواى خواست له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكايه‌تيى سه‌رۆك ڕه‌ئيسيدا، په‌يوه‌ندييه‌ مێژوويييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژوه‌نديى هاوبه‌ش و دراوسێيه‌تيى باش، زياتر به‌ره‌وپێش بچن و بواره‌كانى هاريكارى و هاوبه‌شيى نێوان هه‌ردوولا فراوانتر ببن.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك ئيبراهيم ڕه‌ئيسى، خۆشحاڵى و سوپاسيى خۆيانى بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى و هيواى به‌ره‌وپێشچوونى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى كۆمارى ئيسلاميى ئێرانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان خواست.