ڕۆژی هەینی ١٥/٧/٢٠٢٢ بەڕێزان د. جەعفەر ئێمنكی سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکايهتيی ھەرێمی کوردستان و نەوزاد ھادی ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمى كوردستان بە یاوەریی خاتوو مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بەشداريیان لە کۆنفرانسی ئاشتی و پێکەوەژیان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا كرد كە بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەشداریی چل و هەشت ڕێکخراوی جیهانی و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی بەشێک لە وڵاتان، لە جنێف بەڕێوەچوو.
بەڕێز جەعفەر ئێمنکی لە گوتارێکدا باسی له قۆناغەكانی مێژووی دێرینی كولتووری پێكەوەژیانی پێکهاتەکانی ھەرێمی کوردستان تا قۆناغی ئێستا كرد و لەمبارەیەوە ڕۆڵی سەرۆک مهسعوود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە گرنگیدان بە پێکهاتەکان خستەڕوو.
دواتر بەڕێز نەوزاد ھادی لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر دۆخی ئێزدییەکان و كار و چالاكییەكانی نووسینگەی تایبەتی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانى ئێزدى كە سهرۆك نێچیرڤانی بارزانی دایمەزراندوە و تا ئێستاش لە كارەكانی بەردەوامە.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوەش كرد كه بۆ باشترکردنی ڕەوشی پێکەوەژیان لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوور و پاراستنی پێکهاتەکان لە توندوتیژی و تیرۆر، هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵى و یووئێن و ڕێکخراوەکانی ديكهى نێودەوڵەتی لە هەماهەنگیدا بووە، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومهتى ههرێمى كوردستان و حكوومهتى فيدراڵى عيراق ڕێککەوتنی ئاساييكردنهوهى دۆخى شنگاليان ئيمزا كرد، بهڵام لهبهر ههبوونى هێزى چهكدارى ناياسايى له ناوچهكه، تا ئێستا جێبهجێ نهبووه.
ھاوکات سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان خاتوو مونا یاقۆ لە گوتارێكدا باسی له ئەرك و مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان كرد.