ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/12/17 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی کە لە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، لە ڕێوڕەسمێکدا کە کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بۆ ماڵئاواییی خاتوو شارلۆت دیکسن، جێگری کونسوڵی گشتی و ناساندنی خاتوو فیۆنا بەتەرز، جێگری نوێی کونسوڵی گشتی ڕێکخرا بوو، بەشدار بوون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیداریی ناوخۆ، دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە پێزانینەوە باسی لە ئەرکی ماوەی ڕابردووی خاتوو دیکسن کرد و ڕۆڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا بە بەرهەمدار هەڵسەنگاند، هەروەها وێڕای بەخێرهێنانی خاتوو بەتەرز و پیرۆزباییی دەست بەکاربوونی وەک جێگری کونسوڵی گشتی، ئامادەیی بۆ هەموو پشتیوانی و هاریکارییەکی لە سەرخستنی کارەکانیدا، نیشان دا.