Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا

2024-08-25T08:17:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

٣٦ ساڵ بەسەر ئەنفالێکی تری گەلەکەماندا تێپەڕ دەبێت، ئەویش ئەنفالی خەڵکی سڤیلی ناوچەی بادینانە، کە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە چوارچێوەی پلان و نەخشەیەکی داڕێژراو، بەم کارە دژ بە مرۆڤایەتییە هەستا و بە بەرچاوی جیهانێکی بێدەنگ، بێباکانە ئەم کارەساتە تراژیدییەی بەرامبەر بە گەلی کوردستان لە چەند قۆناغێکی جیاجیادا ئەنجام دا و ڕۆحی هەزاران بێتاوانی لە پیر و منداڵ، ئافرەت و پیاو، بێ جیاوازی و دوور لە هەستی مرۆڤایەتی، لە بیابانەکانی باشووری عێراقدا بێ ڕەحمانە کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کرد.


لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەنفالکراوانی بادینان و گشت ئەو ناوچانەی کە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتوون دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال دەکەم، کە ساڵانێکە ژیان لەگەڵ ئازارێکی بێکۆتا بەڕێ دەکەن، ئازاری دڵی ئەوان، برینێکە بە جەستەی نیشتمانەوە.


لێرەدا گرنگە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و بە بیروباوەڕێکی نیشتیمانپەروەرانە و گیانێکی کوردستانییانە، کۆدەنگیمان بکەین بە فشارێکی بەهێز بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەنفال و دووبارەنه‌بوونەوەی هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە بە سەر گەلەکەماندا هاتوون.


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2024/8/25